سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ میلیتاریزە و جەنگی کردنی کەش و فەزای شارەکانی کوردستان، کۆمهڵه ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردهوه
دهقی ڕاگهیاندنی کۆمهڵه، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمنیستی ئێران
خەڵکی تێکۆشەر و ئازادی خواز!
هەروەک ئاگادارن حکومەتی کۆماری ئیسلامی لەم چەند رۆژەی دواییدا بە توندوتیژی و وەحشیگەری زیاترەوە دەستی داوەتە سەرکوت و کوشتاری ناڕازیان و تەنانەت ڕێبواران لەسەر شەقامەکان و بەداخەوە ئاماری گیانبەختکردوانی کوردستان لەم سێ، چوار رۆژەی دواییدا لە سنوری ٣٠ کەس تێبەڕیوە و بە سەدان کەسیش بریندار بوون. سەرکوت لە شارەکان و ماجەراجوییە نیزامیەکان لە دەرەوەی سنورەکان لەدژی خەڵکی کوردستان ئاستێکی نوێی بە خۆیەوە گرتوە. کۆکردنەوەی هێز لە سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان و هەڕەشەی هێرشی زەمینی وەک نمونە و لەشکرکێشی نیزامی بۆسەر شاری مهاباد، بۆکان، سەقز، سنە و شوێنەکانی تر لەم چەند رۆژەی ڕابردودایە. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بە چەکی قورس و نیوە قورس و لەگەڵ کەڵک وەرگرتن لە هێلیکۆپتێڕی نیزامی و پەهبادەکان فەزایەکی جەنگی بەسەر خەڵک و شارەکانی کوردستاندا سەپاندوە. لەپاڵ ئەم کردەوانەدا، ئێمە شاهیدی ڕاگەیاندنی دروست بوونی گوروپێکی چەکداری بێ ناسنامەین کە هیچ حیزبێکی سیاسی ناسراو و چالاک لە کوردستان بەرپرسیاریەتی کردەوەکانی وەئەستۆ ناگرێت و بە کردەوە لەخزمەت دەستەبەر بوونی ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامیدایە بۆ نیزامی کردنی فەزای شارەکان.
سەرجەم دیاردەکان ئەوە دەڵێن کە حکومەتی ئیسلامی لە هەوڵی کوشتاری زیاتری خەڵکی بێ دیفاع و ناڕازی کوردستان دایە. حکومەت بەرق، ئاو و ئینترنێتی بەشێک لە شارەکانی مهاباد و باقی ناوچەکانی دیکەی کوردستانی بڕێوە و دەست ڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری دەرمانی و پزیشکی گەلێک دژوار بووە. کوردستان سەنگەری قایمی خەباتە لەدژی کونەپەرستی ئیسلامی و لە دوو مانگی ڕابردوشدا سەرجەم شارەکان و تەنانەت ژمارەیەک لە ئاواییەکان، بوونەتە گۆڕەپانی خەباتی خەڵکی شەریف و ئازادیخوازی لەدژی هێزە سەرکوتگەرەکانی حکومەتی ئیسلامی. مانگرتن، ناڕەزایەتی و پەیگیری و بەدواداچوونی داخوازیە ئازادی خوازانە، دیموکرات و بەرابەری تەڵەبانەکان، قین و توڕەیی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لە خەڵک و حیزبەکانی کوردستانی گەیاندۆتە ئاستێکی گەلێک بانتر.
خەڵکی کوردستان لە هاوچارەنووسی لەگەڵ باقی خەڵکی ئێران، خوازیاری دەستەبەر بوونی مافە ئینسانی و سەرەتاییەکانی لەوانە ئازادی، دادپەروەری و روخانی حکومەتی ئیسلامین.
ئێستا کە پیلانەکانی ڕژیم بۆ دووبەرەکی نانەوە بە بیانوی مەزهەبی و نەتەوایەتی لە کوردستان و لە سەرتاسەری ئێران بەرەو ڕووی شکست بۆتەوە و خەڵکی مهاباد دروشم ئەدەن:” کورد و بەلوچ و ئازەری، ئازادی و بەرابەری“، لە هەوڵدایە بە دەست بردن بۆ توندوتیژی زیاتر خەڵکی کوردستان چاوترسێن و بێدەنگ بکات و بوار بۆ سەرکوتی ئاخێزی جەماوەری لە باقی شوێنەکانی ئێران فەراهەم بکات.
ئێمە سەرجەم خەڵکی شەریف و ئازادی خوازی ئێران، ڕای گشتی دنیا، ڕیکخراو و ناوەندەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ، کەسایەتی و چلاکوانانی فەرهەنگی، هونەری، وەرزشی و سیاسی بۆ پشتیوانی کردن لە خەڵکی کوردستان بانگەواز دەکەین.
پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی حکومەتی ئیسلامی لە کوردستان توانایی خەبات و خۆڕاگری لە سەرتاسەری وڵاتدا بەرز دەکاتەوە و هاوچارەنووسی خەڵکی ئێران بەهێزتر دەکات.
بژی یەکێتی خەباتکارانەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ باقی ئازادی خوازان و خەڵکی شەریفی ئێڕان.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە– ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران.
١٩یخەزەڵوەری١٤٠ ١
٢٠ ی نوامبری ٢٠ ٢٢