ئێمە وەک هێزێکی سیاسی و نیشتمانی پێمان وایە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە تێپەڕاندنی پەرتەوازەیی و کارکردنی جدییە بۆ داهاتوویەکی ڕوون
ئێمە وەک هێزێکی سیاسی و نیشتمانی پێمان وایە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە تێپەڕاندنی پەرتەوازەیی و کارکردنی جدییە بۆ داهاتوویەکی ڕوون
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان
بۆ ڕای گشتی و ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!لاوان، کچان و کوڕانی چاونەترسی نیشتمان!ئەمڕۆ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی گەورەدان.
ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بۆ ماوەی پتر لە چوار دەیە تەنها زمانی سێدارە، زیندان و چەوساندنەوەی بەرامبەر بە گەلانی ئازادیخواز بەکارهێناوە،
ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بەرەو داڕووخان و هەڵوەشانەوە هەنگاو دەنێت. قەیرانە قووڵە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و هێرشەکانی هاوپەیمانان و بڕیاری ڕوخاندنی ، پەیامی کۆتایی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەن.
ئێمە لە بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان
وەک هێزێکی سیاسی و نیشتمانی، پێمان وایە کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە تێپەڕاندنی پەرتەوازەیی و کارکردنی جدییە بۆ داهاتوویەکی ڕوون. بۆ ئەم مەبەستە ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەگەیەنین:
١-پێشنیاری هاوپەیمانییەکی نیشتمانیی بەرفراوان:بزووتنەوەی ئایندە داوا لە هەموو حزب و ڕێکخراوە تێکۆشەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هاوپەیمانییەکی بەرفراوان و هەمەلایەنە پێکبهێنن. پێویستە لەم قۆناغە هەستیارەدا ، یەک گوتاری سیاسی، یەک دیپلۆماسی هاوبەش لە ئاستی نێودەوڵەتی و یەک هێزی سەربازیی نیشتمانیی یەکگرتوو دابمەزرێنین. تەنها یەکگرتوویی دەتوانێت ڕێگری بکات لە هەر هەوڵێکی شۆڤێنیانە کە بیەوێت پاش ڕووخانی ڕژێم، جارێکی تر مافی گەلی کورد زەوت بکاتەوە.
٢- داڕووخانی ڕژێم و پاراستنی
دەستکەوتەکان:داڕووخانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی تەنها کاتی ماوە، بەڵام بۆ ئەوەی کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی ئاژاوە و بۆشایی ئەمنی، پێویستمان بە هێزێکی ڕێکخراو و نیشتمانییە کە ئیرادەی گەلی کورد بپارێزێت و ڕێگە نەدات هیچ لایەنێکی دیکتاتۆرخواز و ناوەندگەرای تر جێگەی ڕژێمی ئێستا بگرێتەوە.
٣ - بانگەواز بۆ کوڕان و کچانی نیشتمان:ئێوە، لاوە ئازاکانی کوردستان، داینەمۆی هەموو گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەن. بزووتنەوەی ئایندە دەرگای کراوەیە بۆ هەموو ئەو کچ و کوڕە نیشتمانپەروەرانەی کە دەیانەوێت بە عەقڵییەتێکی نوێ، دوور لە کۆنەپەرستی و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە خەبات بکەن. ئێمە بانگهێشتتان دەکەین پەیوەست بن بە ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئایندە بۆ ئەوەی پێکەوە ڕیزەکانی خەباتی چەکداری و سیاسی و مەدەنی بەهێزتر بکەین.
نیشتمانیانی خۆشەویست!
بزووتنەوەی ئایندە بەڵێن دەدات کە تا دوا هەناسە بەرگریکاری مافە ڕەواکانی گەلی کورد بێت و ڕێگە نەدات خوێنی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی بەفیڕۆ بچێت. داهاتوو هی گەلانی ئازادیخوازە و دیکتاتۆرەکان، چ لە تاران بن یان لە هەندەران خەونی گەڕانەوە بۆ دەسەڵات ببینن، جێگەیان ناو زبڵدانی مێژووە.سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای گەلی کورد
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان