بە پشتبەستن بە زانیاری و ڕاپۆرتە گشتیەکان، ژمارەی ئەو هێزانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوونەتە ڕۆژئاوای کوردستانەوە- بە خۆبەخشانی سێ بەشی دیکەی کوردستانەوە- 51 هەزاری تێپەڕاندووە. ئەم ئامادەبوونە گەورەیە ڕەنگدانەوەی ئاستێکی بەرزی ئامادەیی و هاودەنگیی نیشتمانی و وەڵامدانەوەی پراکتیکییە بۆ مەترسییە پەرەسەندووەکان بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژئاوا.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، سەرچاوە ئاگادارەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەزاران خۆبەخشی دیکە لە ڕێگای ڕۆژئاوای کوردستانیشدان و بەشێکی بەرچاویان لە پشت سنوورەکانەوە چاوەڕێی ئەوەن کە هەلومەرجی پێویست بۆ چوونە ژوورەوەیان بۆ برەخسێت. ئەم شەپۆلە مرۆییە دەرخەری ئیرادەی پتەوی گەلە بۆ بەرگریکردن لە دەسکەوتەکان و پاڵپشتیکردنی خەڵکی ناوچەکە لەم بارودۆخە مەترسیدارەی ئێستادا.
چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێیان وایە زیادبوونی بەرچاوی هێزەکان و بەردەوامی هاتنی خۆبەخشەکان دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر هاوکێشە مەیدانییەکان و پێشهاتەکانی داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان هەبێت؛ پەیامێکی ڕوون کە نەتەوەی کورد بە یەکڕیزی و ئامادەیی کردەیی لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا وەڵامی دەداتەوە.