ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان سەبارەت بە پەلاماری میلیشیاکانی جۆلانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان
ڕاگەیەندراوی بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان سەبارەت بە پەلاماری میلیشیاکانی جۆلانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ڕای گشتی جیهانی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان!
لە کاتێکدا کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و پڕ لە ئاڵۆزیدا تێدەپەڕێت،
جارێکی تر تاریكپەرستان و پاشماوەکانی هزری چەپەڵ لە ژێر ناوی جیاواز و بە سەرکردایەتی میلیشیاکانی
"جۆلانی"پەلامارێکی دڕندانەیان بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە.
ئەم گروپانە کە لەلایەن ئەجێندای هەرێمییەوە ئاڕاستە دەکرێن، بە ڕاگەیاندنی "جی*ها*د" دژی گەلی کورد، جارێکی تر سەلماندیانەوە کە دوژمنانی مرۆڤایەتی و ئازادی، هیچ ئامانجێکی تریان نییە
جگە لە قڕکردنی کورد و تێکدانی ئەو ئەزموونە دیموکراسییەی کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی کورد و کوردستان بەدەستهاتووە.
ئێمە لە بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم هێرشانە، ڕایدەگەینین:
شەرمەزارکردنی بەکرێگیراوانی جۆلانی و ڕاگەیاندنی شەرەڕ دژی کورد لەلایەن میلیشیاکانی جۆلانییەوە، درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی کۆنەپەرستانەی نەیارانی کوردە.
ئەمە نەک هەر هێرشە بۆ سەر پارچەیەکی کوردستان، بەڵکو هێرشە بۆ سەر کەرامەت و بوونی نەتەوەیی هەموو کوردێک لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
بێدەنگی نێودەوڵەتی: بە توندی ڕەخنە لە بێدەنگی شەرمەزارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەگرین.
چۆن دەبێت ئەو هێزەی (کورد) کە جیهانی لە دەست توندڕەوەکان پاراست، ئێستا لەبەردەم هێرشی میلیشیاکاندا بە تەنیا جێبهێڵدرێت؟
بێدەنگی ئێوە گڵۆپی سەوزە بۆ کۆمەڵکوژییەکی تری وەک عەفرین و سەرێکانی.
پشتیوانی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا: ئێمە وەک بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان، پشتیوانی بێشەرتی خۆمان بۆ شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاوا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕادەگەیەنین. ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە سەلماندوویەتی کە پشتیوانی لێبڕاوی خوشک و براکانیەتی و ڕێگە نادات
خەونی داگیرکەران و شەمشە کوێرەکان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی بێتە دی.
بانگەواز بۆ یەکێتی نەتەوەیی: داوا لە تەواوی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکەین، ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلانێن و یەکدەنگ بن دژی ئەم مەترسییە گەورەیە. کە جۆلانی و پشتیوانانیان
جیاوازی لە نێوان هیچ لایەنێکی کوردیدا ناکەن و ئامانجیان سڕینەوەی هەمووانە.
لە کۆتاییدا، داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین دەستبەجێ بێنە دەنگ و ڕێگری بکەن لەو کارەساتە مرۆییەی کە میلیشیا توندڕەوەکان دەیانەوێت لە ناوچە کوردییەکان ئەنجامی بدەن.
ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا نییە و هەموو کوردێک خۆی بە پارێزەری ئەو خاکە دەزانێت.
سەرشۆڕی بۆنەیارانی کوردو و داگیرکەران
سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلی کورد و ڕۆژئاوای قارەمان
بزووتنەوەی ئایندەی کوردستان