سیاسەت لە حزبی کوردستانیدا هێشتا لە لۆژیکی دەسەڵاتی تەقلیدیدا گیری خواردووە، کە حەزف و دژایەتی جێگای ڕخنەی کاریگەر دەگرێتەوەو دیالۆگ و دان بە هەڵەکان، بە کاردانەوەو هەڕەشە! بۆیەش ئەمە ئەوە دەردەخات کە بۆشاییەکی قووڵ لە نێوان گوتاری “رزگاریخوازی” و هەڵسوکەوتی سیاسیدا هەیە. لە سیاسەتی مۆدڕێندا، "حزب" دامەزراوەیەکی فێرکاریی و پەروەردەییە، هەڵە قبوڵ دەکات، ڕەخنە وەردەگرێت و پێداچوونەوە بە خۆدا، دەکاتە مێتۆدێکی کارکردنی خۆی. بەڵام لە حیزبەکانی ئێمەدا هێشتا پاساو هێنانەوە جێگەی وڵامدانەوەی گرتووەتەوە. لە لایەکی تریشەوە بانگەشە بۆ خاوەندارێتی هزری یەکسانی دەکات بەڵام لە وتەو کاردانەوەکاندا لە زمانی دژە ژن خۆی ناپارێزێت. بۆیە ئەمە لە ڕوانگەی فێمینیستیەوە کێشەکە تەنها لە زمانی پیاوسالاریدا نییە، هەرئەوەی لە ڕوانگەی سیاسی ئەمیر کەریمیەوە تا تەنانەت زمانی ڕۆژانەی سیاسەتمەدارانی کورد دەیبیستین، بەڵکوو ئەمە لەگەڵ ئەو پێکهاتەدایە کە "دەسەڵات و هێز"ی خۆی لە ڕووی کۆنترۆڵ کردنی جەستەوە پێناسە دەکات. کاتێک حزب و بەرپرسی حزب لە هەر کات و بۆ هەر مەبەستێک، پەنا بۆ سووکایەتی بە ژنان و کەمینە ڕەگەزییەکان دەبات، ئەوا دەقیق ئەو کاتەیە کە دیسان سیاسەت لە هەمان پەیوەندییە کۆنەڕەگەزییەکاندا بەرهەم دەهێنێتەوە. هەر بۆیە پێم وایە سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند قات ئەرکی لەسەرە، ئەویش لەبەرانبەر ڕژیمێکی هاری وەک کۆماری ئیسلامی و هجومی ناسیۆنالیستی ئێرانی و کۆمەڵگەی باوکسالاردا. بۆیە سیاسەتی مۆدێرن بە ڕەفتاری ڕۆژانە لە قاڵب دەدرێت، ئەویش لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ڕەخنەکان، لە چۆنیەتی ڕەفتارمان لەگەڵ لایەنی بەرانبەر و لە گشتیشی گرنگتر بوێری چاکسازی لە خۆماندا، پێش ئەوەی ڕووبە دەرەوە بە دوای چاکسازی لە کۆمەڵگەو تەنانەت جیهانیشدا بین.