لە ئیستادا #هەرێمی_کوردستان یەک دوژمنی ترسناکی هەیە، ئەویش دەسەڵات و حوکمڕانییەکەی خۆیەتی.
کە وتمان هەڵبژاردن هیچ بەهایەکی نەماوە، ئەوانەی دەیانویست لەپاڵ هەڵبژاردندا بەدنیایەکی ساختە ئاشنامان بکەن و لە پاڵ دەسەڵاتدا ببنە قاچی سناعی بۆ ئەم سیستەمە گەندەڵە، نیگەران دەبوون. کە دەمانوت ئەوەی بیەوێ دەسەڵات بە هەڵبژاردن بگۆڕێت، دەبێت نەخۆشخانەی دەروونی پیشاند بدەی، ئەم ڕۆژە و چەندان ڕۆژی پڕ کارەساتمان لەبەرچاو بوو.
ئەوەی لە گوندی #لاجان ڕوودەدات مایەی شۆک نییە و لە چەندین شوێن و کاتی جیاوازدا لە سی و چوار ساڵی ڕابردوودا بە زیاد لە کارەساتێکی هاوشێوە ئاشنا بووین، ئەوەی بۆ من جێی سەرنجە لەگەڵ هەر ڕووداوێکی هاوشێوەدا وەک ئەوەی کردەیەکی نوێ بێت چەند ڕۆژێک لەسەر ڕووداوەکە دەوەستین ودواتر وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت بیرمان دەچێتەوە.
تەماشاکەن، لە سەرەتاوە بە کوشتنی یەک کەس و یەک ڕۆژنامەنوس دەستیان پێ کرد، ئیستا بە گوندێکیش ناوەستن و وەک ئەوەی بیانەوێت کۆمەڵگە رەشەکوژ بکەن بەبەرچاوی دنیاوە هێزی چەکدار بۆ کوشتنی خەڵکی مەدەنی بەکاردەهێنن.
ئەم ڕووداوە دروست ئەوەی بۆ دەرخستین کۆی هێزەکانی دەرەوەی ئەم دووهێزە یان دروستکراوی خۆیانن، یان زۆر لەوە داماوترن بتوانن لە شوێنێکدا، لە شەقامێکدا بەرگری بکەن و لانی کەم ستۆپ بە کردەیەکی ناشرینی دەسەڵات بکەن.
لە ئیستادا ئێمە نە پارلەمانمان هەیە و نە پارلەمانتار و نە #ئۆپۆزسیۆن، گەمژەن ئەوانەی پێمان دەڵێن دەنگدان لە هەرێمی کوردستان کردەیەکی دیمۆکراسییە و گەمژەترن ئەوانەی پێمان دەڵێن ئێمە لە دەرەوەی ئەم دوو هێزە مافیایە ئۆپۆزسیۆنمان هەیە.
ئەوەی مایەی خەمگینییە، وەک ئەوەی تەماشای فیلمێک بکەین، بەبەرچاومانەوە گوندێک و سەدان ئینسان ژیانیان لەخەتەردایە و کۆی کۆمەڵگەی کوردی جگە لە بینەرێکی ئەم فلمە ڕاستەقینەیە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە.
لە ڕەمەزانی ئەمساڵ پارتی پرۆژەیی ملیۆن نانی هەبوو، وەک ئەوەی بیەوێت خەڵک برسی بکات، ئەوکات وتم " یەک ملیۆن نان، یەک ملیۆن بێحورمەتی" ئیستا و دوای شەش مانگ دەڵێم یەک ملیۆن دەنگ، یەک ملیۆن بێحورمەتی". بە دەیان ملیۆن گومان و تێڕامان و بیرکردنەوە لە سەرزەمینی خۆمان و لە دنیای ئێمە، هەزاران ملیۆن خەم و بێتاقەتی و دەستەپارچەیی بەرامبەر بە دوژمنانی ناوخۆی وڵات.
بێ دوودڵی دەڵێم ئیستا هیچ دوژمنێکی دەرەکی بارتەقای میلیشیا و مافیاو دەسەڵاتی چەتەگەری کورد ترسناک نییە.
لە ئیستادا هەرێمی کوردستان یەک دوژمنی ترسناکی هەیە، ئەویش دەسەڵات و حوکمڕانییەکەی خۆیەتی.