دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی دژایەتی خۆی بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی دەربڕی
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی دژایەتی خۆی بۆ گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی دەربڕی
دەقی ڕاگەیەندراوەکەیان:
دەربارەی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیی نێودەوڵەتی
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق و پاش ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی، بڕیار دراوە لەسەر داوای دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیی نێودەوڵەتی بگۆڕدرێت بە فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانیی نێوەدەوڵەتی.
ئەوە قسە هەڵناگرێت سەرەڕای سەرنج و ڕەخنەی جیاجیا، تاڵەبانی زیاتر لە نیو سەدە لە تەمەنی خۆی بۆ تێکۆشانی گەلەکەی تەرخانکردووەو یەکێکە لە فیگەرە دیارەکانی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەکەش، بەڵام ئەمە پاساو نییە بۆ ئەوەی ڕێکخراوێکی حیزبی و سەر بە ماڵباتی تاڵەبانی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، یان تەنانەت بێ گەڕانەوە بۆ پارێزگا و شارەوانیی سلێمانی و پرسوڕا بە دەستەبژێرەکانی شارەکە، ڕاستەوخۆ بڕیاری گۆڕینی ناوی ئەو دامەزراوەیەی سلێمانی بدرێت کە تاکە دامەزراوەیە ناوی شارەکە بە دنیای دەرەوە دەگەیەنێت.
ئەوە لە کاتێکدایە تاڵەبانی تا لە ژیاندا بوو دژی ناونانی دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان بوو بەناوی خۆی، یان کەسە نزیکەکانی ئەو، بۆ نموونە ناونانی حامیەی کۆن بە " پارکی ئازادی".
هەنگاوی ناو گۆڕینی فڕۆکەخانەی سلێمانی جگە لەوەی دژی مێژووی سلێمانییە وەکو شارێکی درەوشاوەی کوردستان، درۆی ئەو پەسن و پێداهەڵدانەش بە ڕوونی دەردەخات کە ناوبەناو و بەتایبەتیش لە دەمی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ڕاگەیاندن و سەرکردەکانی یەکێتی، سلێمانی وەکو "شاری شاران" وەسف دەکەن.
دەبێت ئەوە وە بیری گشت لایەک بهێنینەوە شاری سلێمانی کە تەمەنی٢٤١ ساڵی رەبەقە چەندان سەرکردەی سیاسی و رۆشنبیر و کەسایەتی گەورەی تیادا ژیاوە، بۆیە مێژووی شارەکە درێژتر و گەورەترە لە مێژووی کەسایەتییە دیارەکانی.
ئەم هەنگاوە گەر سەر بگرێت، ڕێ خۆشکەرە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا چەندین دامەزراوە و شوێنی خزمەتگوزاری، بێ گەڕانەوە بۆ داودەزگاکانی هەرێم و پرسوڕا بە خەڵکەکەی، بکرێن بەناوی ئەم یان ئەو سەرکردەوە.
ئێمە لە دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی هەروەکو چۆن لە ڕابردوودا دژ بە تێکدانی سروشت و داگیرکردنی موڵکی سلێمانی لە چەندین بۆنەدا بۆچوونی خۆمان خستۆتە ڕوو، گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانیش بە سەرپێچییەکی گەورە دەزانین و داوا دەکەین و مکوڕین لەسەر مانەوەی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی وەک خۆی.
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی
٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥