کوژرانی فەرماندەیەکی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەبەلووچستان.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش ئێوارەی شەوی شەممە یەکێک لە فەرماندە خۆجێییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە ناوی "ئیرەج شەمس" لە شاری پیشین سەر بە ڕاسک، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە تەقەی لێ کراوە و کوژراوە.
تا ئێستا ئامانج و ناسنامەی هێرشبەرە چەکدارەکان نادیارە. “حاڵوەش” بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکان نووسیویەتی ئەم فەرماندەیە لە ئەرکە جۆراوجۆرەکانی ناوچەی پیشین لەوانە سەرکوتکردنی هاووڵاتییان بەشدار بووە.
سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە، ئیرەج شەمس لە کاتی هێرشەکەدا لە یەکێک لە سەرتاشخانەکانی بازاڕدا بووە و نزیکەی کاتژمێر ٩ی شەو تەقەی لێ کراوە لە شوێنی ڕووداوەکە مردووە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، شەمس یەکێک لە فەرماندەکانی بنکەکانی سپای پاسداران لە گوندەکانی ماهکۆل و ڕێدیگ لە چەند کیلۆمیتریی شاری پیشین بووە. هەروەها یەکێک لە بەرپرسەکانی سپای پاسداران لە سێڕێیانی پیشین بووە.
سەرچاوەكان باسیان لە ڕۆڵی ناوبراو لە گرتنی هاووڵاتییان، بارمتەگرتن و سەرکوتکردنی خەڵک کردووە.