هەواڵدەریی میزان، سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، لە سێدارەدانی مێهران بەهرامییان، یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ساڵی ١٤٠١ لە "سێمیرۆم"ی ئیسفەهان، جێبەجێ کرا.
چەند کاتژمێرێک دواتر ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە کە بنەماڵەی مێهران بەهرامییان بۆ دوا سەردان بۆ ئیسفەهان بانگ کراون.
مێهران بەهرامییان، پاش چەند ساڵێک لە بەندیخانە و ئەشکەنجەدان، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
دادگای پێداچوونەوەی شاری سێمیرۆم لە ڕێبەندانی ١٤٠٢ بە سەرۆکایەتیی تەوەکولی، حوکمی لەسێدارەدانی مێهران و فازڵ بەهرامییان، دوو برای دەسبەسەرکراو لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ پشتڕاست کردبووە.