گرووسی بیانوویەکی نوێی بە ئەمریکا و ئیسرائیل دا؛ دانی نان بە مانەوەی یەدەگی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامی!
ڕافائێل گرووسی، بەرپرسی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، جارێکی دیکە بە لێدوانەکانی بیانوویەکی ئامادەی خستە دەستییئیسرائیل و ئەمریكاوە. ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردۆتەوە، پشتڕاستی کردەوە کە یەدەگی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامی وەک خۆی ماوەتەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ڕژێمی ولایەتی فەقیهیە، لەگەڵ قەیرانی ناوخۆیی و فشارە جیهانییەکان بەرەوڕوویە و هەر ئاماژەیەک بە پڕۆژە ئەتۆمییەکان دەکرێت وەک گڵۆپی سەوز بۆ هێرشە ئامانجدارەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا سەیر بکرێت.
گرووسی کە پێشتر چەندین جار سەبارەت بە چالاکییە گوماناوییە ئەتۆمییەكانی کۆماری ئیسلامی هۆشداریی دابوو، ئێستا جارێکی دیکە تۆپەکەی فڕێدایە ناو گۆڕەپانی تاران؛ بابەتێك کە دەتوانێت بیانوویەکی ڕەوا بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە ڕاستەوخۆکان لە دژی ناوەندە هەستیارەکانی سپای تیرۆریستی پاسداران بێت.