کەناڵی فەرمیی حکومەتی کۆریای باکوور دیمەنی ڤیدیۆیی و ناوی ئەو مووشەکە نوێیە بالیستیکییەی بڵاوکردەوە کە دوێنی تاقیکردەوە و رایگەیاند، مووشەکەکە هواسۆنگ- 19یە و توانایەکی لە رادەبەدەری هەیە بۆ پێکانی ئامانجەکەی.
کۆریای باکوور مووشەکەکەی بە مووشەکی کیشوەربڕ ناوبردووە و جەختی کردووەتەوە لەناو خاکی دوژمنەکانیدا ئامانجی خۆی بەئاسانی دەپێکێت.
دوێنێ پێنجشەممە، سوپای کۆریای باکوور مووشەکێکی نوێی بالیستیکی کیشوەربڕی تاقیکردەوە، کە توانای بەرپەرچدانەوە و هێزی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان پیشاندەدات.
کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور، بەشداریی لە رێوڕەسمی تاقیکردنەوەی مووشەکە نوێیەکەدا کردووە، بە هەنگاوێکی مەزن وەسفیکردووە.
دوێنێ کۆریای باکوور خۆی بە دوور گرت لە ئاشکراکردنی تایبەتمەندییەکانی مووشەکە نوێیەکە، بەڵام کەناڵی بی بی سی لەزاری بەرپرسانی ژاپۆن و کۆریای باشوورەوە دەڵێت، مووشەکەکە هەزار کیلۆمەتر لەباری ئاسۆیی و نزیکەی حەوت هەزار کیلۆمەتر چووەتە قوڵایی ئاسمان.
مووشەکەکە لەکاتی تاقیکردنەوەیدا 86 خولەک لەئاسماندا ماوەتەوە کە زۆرترین ماوەی مانەوەی مووشەکی بالیستیکییە لەئاسماندا.
وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە دەڵێت، تاقیکردنەوەکە هەنگاوێکی گرنگی سەربازییە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئاسایشی کۆریای باکوور.
تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی کیشوەربڕ لەلایەن کۆریای باکوورەوە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
ساڵی رابردووش کۆریای باکوور مووشەکێکی دیکەی تاقیکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد، مووشەکەکە لەتوانایدایە بگاتە خاکی ئەمریکا و ئامانجەکانی خۆی بە وردیی بپێکێت.