گروپە چەکدارەکانی عێراق جەخت لە بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆسەر ئیسرائیل دەکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا ئاگاداری دەدەن لەوەی کە بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئەو گروپانەی سەر بە ئێران لەعیراق ئیسرائیل ئەگەرى وەڵامدانەوەى بەشێوەیەکى راستەوخۆ زیاد دەکات.
ئاژانسى هەواڵى ئەسۆشیەیتد پرێس لە زارى چەند بەرپرسێکى ئەمریکایەوە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە رایگەیاندووە، بەردەوامیی هێرشەکان لەخاکى عێراقەوە بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان بە سەر ئیسرائیل وەڵامدانەوەى راستەوخۆى ئیسرائیلى دەبێت.
هەروەها ئەوەشی خستووەتە روو، رۆژانە پێنج هێرش لەناو خاکى عێراقەوە ئاراستەی ئسرائیل ئەنجام دراون، کە لەهەفتەى رابردوو هەشت فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان لەماوەى ٢٤ کاتژمێردا لە عێراقەوە بەرەو ئیسرائیل هەڵدراون.
بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەشیان ئاشکراکردووە، کە بەشێک لەو هێرشانەى بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان لە عێراقەوە لەلایەن گروپە چەکدارەکانى نزیک لە رژیمی ئێران ئەنجام دەدرێن، بەمەش ئەمریکا و هاوکارانى ناچارکردبوون هاوکاریی لە خستنە خوارەوەیان بکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانى ئەمڕۆ مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق ئەنجامدانى هێرشێکى بە فڕۆکەى بێ فڕۆکەوان بۆسەر ئامانجێک لە باکورى ئیسرائیل راگەیاند و جەختیش لە بەردەوامیی هێرشەکان دەکەنەوە.